1
یەکێک لە ئەرک یان ئامانجەکانی ھەر کارێکی چاپەمەنی برەودانی وشیاری و چەمکی ڕۆشنگەرییە. ڕەنگە ئەمە وتەیەکی قەبە و بێ ناوەرۆک دیاری بدات بەڵام لە ئەساسدا جگە لەمە شتێکی دیکەی بۆ دیاری ناکرێت. واتە ھەرکات دەست بدرێتە کارێکی چاپەمەنی خۆبەخۆ ڕەنگی بڵاوکردنەوەی چەشنێک لە وشیاری و چالاکییەکی زانیاریبەخش دەگرێتە خۆی. ھەربۆیەشە چالاکی لە بواری کتێب و چاپەمەنیدا بە درێژایی مێژوو، بەردەوام ھەڵگری چەشنێک لە پیرۆزی بووە و وەک «مانگ» خەرمانەیەکی درەوشاوە بە دەوریەوە تیشکاژۆی کردووە.
ئەوەی لە «چاپەمەنی مانگ»دا وەک بنەما پەیڕەو دەکرێت گەیشتنە بەو ئامانجە بە باشترین شێوەی مومکین. واتە بەرھەمەکانی مانگ دەبێ تا ئەو شوێنەی کە دەرفەت ھەیە زانیاری و وشیاری بدەنە بەردەنگ و خوێنەری خۆیان. ھەربۆیەشە مانگ لە ھەر بوارێکدا ھەنگاو بنێت، ھەوڵ دەدات باشترین بەرھەمەکان لەو بوارەدا چاپ بکات و بیگەیەنێتە دەست تامەزرۆیانی خۆی. بۆ وێنە کاتێک بەرھەمی بواری شانۆیی چاپ بکات دەبێ باشترین دەقەکانی شانۆی جیھان ئاراستەی خوێنەران و تامەزرۆیانی شانۆ بکات و خوێنەری ھەڵوەدای دەقی شانۆیی ھەست بەوە نەکات دیسان لەگەڵ دەقێکی ئاوەکی و بێ ناوەرۆکدا بەرەوڕووە بەڵکو لە ھەوڵی ئەوەدا بێت کە بە زوویی بەرھەمێکی دیکەی مانگ لەو بوارەدا وەدەست بخات و ڕۆبچێتە ناوی. ھەڵبەت گەیشتن بەم ئامانجە پێوەندی بە زۆر لایەن و فاکتەرەوە ھەیە کە لێرەدا دەرفەتی باس کردنیان نیە بەڵام ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە لانیکەمی ئەو خاڵی مەبەستانە وەک ڕێڕەوی مانگ دێتە ئەژمار.
لەگەڵ ئەوەدا مانگ دەخوازێت لە ھەر بوارێکدا خوێنەرانی تایبەت بە خۆی دەستەبەر بکات و بەردەوام بەرھەمی تازە و بەپێزیان بە دەست بگەیەنێت. بۆ وێنەی ساڵی پار مانگ سێ ڕۆمانی نووسەری ناوداری سویسی «ئاگۆتا کریستۆف»ی بەیەکەوە چاپ کرد کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی خوێنەرانی ڕۆمان لە کوردستان بەرەوڕوو بوو و ئێستا تامەزرۆیی خوێنەران لە زۆریەک لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ خوێندنەوەی بەرھەمێکی دیکەی ئەو نووسەرە بەدی دەکرێت. ھەربۆیە مانگ بەم نزیکانە بەرھەمێکی دیکەی ئەو نووسەرە ناودارە دەگەیەنێتە دەست خوێنەران بۆ ئەوەی چێژبەخشی ھەستی جوانیناسیانەی خوێنەرانی بێت و چیدی لە چاوەڕوانیدا نەیانھێڵێتەوە.
یان ئەوەتا مانگ پڕکەرەوەی ھەموو یان زۆربەی بۆشاییەکانی ناو بوارەکانی ھونەر و ئەدەبیات و ڕۆشنبیری بێت و داڵغەی بەشی زۆری خوێنەران پڕ بکاتەوە. واتە مانگ دەیھەوێ وەک چرایەک دەرکەوێت کە ھەر تیشکێکی ڕووناک کەرەوەی بەرپێی خوێنەرێکی تامەزرۆی بوارێکی فەرھەنگ و ڕۆشنبیری بێت.
جابۆیە مانگ دەخوازێت کاتێک خوێنەر لە کتێبخانەکەیدا کتێبێکی مانگ دەگرێتە دەست، دەبێ ھەست بەوە بکات چرایەک لەسەر مێزی خوێندنەوەیەتی و تیشکاژۆی چراکە ژوورەکەی بۆ ڕووناک کردۆتەوە یان ئەوەتا مانگێک لە ژوورەکەیدا خەرمانەی داوە.

هیچ سەرنجێک نییە

دەتوانی یەکەم کامێنت دابنییت.

سەرنجێک بنووسە

تکایە ناوت بنووسە. تکایە ناونیشانی ئیمەیل بنووسە. تکایە پەیامێک بنووسە.