21

ئێمەی گەورەساڵی شەیدای کتێب شایەد یەکێک لە یادەوەرییە ناخۆشەکانی منداڵیمان ئەوە بێت کە لە تەواوی سەردەمی منداڵیماندا کتێبێکمان بە زمانی کوردی نەخوێندبێتەوە کە ئەوەش پێش ھەموو شتێک بۆ نەبوونی کتێبی کوردی تایبەت بە منداڵان لەو سەردەمانەدا دەگەڕێتەوە. بەخۆشییەوە ئێستاکە بە گەشە سەندنی بواری چاپ و چاپەمەنی، بەشێکی زۆی ئەو بۆشاییانە پڕ بۆتەوە و ئیتر منداڵی ھەناسەساردی کورد دواجار حەسرەتی ھەلە لەدەست‌چووەکانی منداڵی ناخوات.
«منداڵان» یەکێک لەو بەشە سەرەکیانەیە کە چاپەمەنی مانگ لە ژێر ناوی «کتێبی ئەستێرە» زۆر شیلگیرانە تێیدا کار دەکات. ھەربۆیەش وەک چاپەمەنییەک کە دەکرێ دواجار کتێبەکانی لە یادەوەری نەوەیەکدا جێی خۆیان دەستەبەر بکەن، ھەوڵ دەدات بەرھەمی سەرکەوتووی نووسەرانی کورد (چ نووسراوە یان وەرگێڕان) لە بواری منداڵاندا بە کواڵیتی بەرزەوە لە چاپ بدات و پێشکەش چاوگەشەکانی کوردی بکات. لێرەدا داوا لە تەواوی نووسەرانی بواری منداڵان دەکەین کە یاریدەدەرمان بن و بەرھەمی سەرکەوتووی خۆیانمان بۆ بنێرن تاکو بە ھاوکاری ھەموومان بیخەینە باخچەی ساوای کتێبخانەی منداڵانی کورد.
ھەڵبەت دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە مانگ بۆ ھەڵبژاردنی کتێبەکان لیژنەیەکی ھەیە کە ھەر کتێبێک دوای پەسندکران لەو لیژنەیەدا ئامادەی چاپ دەکرێت و ھەربۆیەش شایەد بەشێک لەو کتێبانەی کە دەدرێنە مانگ، پەسند نەکرێن.
لەو ئاراستەیەدا مانگ لە کۆتایی ھاوینی ئەمساڵدا یەکەمین وەجبەی کتێبی منداڵانی، کە بریتی بوون لە ٦ کتێب، خستە ناو کتێبخانەی کوردی و بە خۆشحاڵیشەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا و تەنانەت لە ماوەی دوو مانگدا دوو دانە لە کتێبەکان ھەموو نوسخەکانیان بە تەواوی فرۆشرا و ئەوانی دیکەش بەشی ھەرە زۆریان بڵاو بۆتەوە و بەرەو تەواوبوون دەچن.
بەڵام وەجبەیەکی دیکەی کتێبی منداڵانی مانگ بەم زوانە دەچێتە چاپخانە کە بریتین لە ٣٦ کتێب. ٣٠ دانە لەو کتێبانە زنجیرەیەکن کە لە زمانی فارسیدا لە ژێر ناوی «فسقلی‌ھا» چاپ کراون و کاک بەختیار ئەحمەدی بە زمانێکی زۆر ساکار و منداڵانە وەریگێڕاونە سەر کوردی و لە ھەمان کاتیشدا یەکێک لە یاریدەدەرانی مانگ لەگەڵ دەقی ئاڵمانی ئەو کتێبانەدا بەراوردێکی کردوون. ئەم زنجیرە کتێبە بۆ زۆر زمانی زیندووی دنیا وەرگێڕدراون و لە تەواوی دنیادا پێشوازییەکی باشیان لێ کراوە. ھەربۆیەش ئەمە مژدەیەکی باشە بۆ دایک و باوکان و منداڵە ئازیزەکان کە بە زمانی شیرینی کوردی ئەو بەرھەمانە بخوێننەوە. ھیوادارین تا دوای نه‌ورۆز وەک نەورۆزانەیەک لە لایەن مانگەوە پێشکەش بە منداڵە خوێن شیرینەکانی کوردی بکەین.

هیچ سەرنجێک نییە

دەتوانی یەکەم کامێنت دابنییت.

سەرنجێک بنووسە

Please enter your name. Please enter an valid email address. Please enter a message.