5
ھاوکاری و بەڕێوەبردنی پڕۆژەی فەرھەنگی لە لایەن کەسانی سەربەخۆ یان ناوەندەکانی پێوەندیدارەوە، یەکێک لەو بوارانەیە کە زۆربە خۆی لێ دەبوێرن بەڵام یەکێکیشە لەو ھەوڵ و چالاکیانەی کە ھەمیشە دەمێنێتەوە و ناوی ئەو کەسانەی کە شان دەدەنە بەری، بۆ ھەمیشە زیندوو ڕادەگرێت. ڕاپەڕاندنی ئەم شێوە چالاکیانە بە گشتی لە لایەن دوو تاقمەوە بەڕێوە دەبرێت: تاقمی یەکەم کەسانی شارەزای بوارەکەن کە دەزانن چی بکەن و توانایی و زانستی ڕاپەڕاندنی ئەو شێوە ئەرکانەیان ھەیە. تاقمی دووھەمیش کەسانی دەست‌ڕۆیشتوو و خاوەن سەرمایەن و زۆربەشیان خەمخۆری بواری فەرھەنگن و ھەربۆیەش ئەرکی ئەم شێوە کار و چالاکیانە دەگرنە ئەستۆ.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کەسانی خاوەن سەرمایە کەمتر دەپڕژێنە سەر ئەمجۆرە چالاکیانە ئەویش زۆرتر بە دوو ھۆکارەوە: یەکەم لە دنیای سەرمایەداریی ئەمڕۆدا کە پارە قسەی یەکەم دەکات، کار و چالاکی فەرھەنگی لە چاو باقی بوارەکانی دیکەی بازاڕ کارێکی پڕداھات نیە و بگرە زۆرجاریش سەرمایەی سەرەتاییش بۆ سەرمایەگوزار ناگەڕێتەوە. دووھەمیش لە وڵاتی ئێمەدا کاری فەرھەنگی وەک بوارێکی بڤە چاوی لێ دەکرێت و وا ھەست دەکەن سەرقاڵی بەم شێوە چالاکیانەوە گێچەڵیان بۆ دروست دەکات ھەربۆیە زۆربەی سەرمایەداران خۆی لێ دەبوێرن. لێرەدا نامانھەوێ بچینە ناو وردەکارییەکانی ئەم باسەوە بەڵکو دەمانھەوێ باسی پڕۆژەی ھاوبەشی فەرھەنگی بکەین کە دەکرێت لە بەرژەوەندی لایەنەکان و بەرژەوەندی گشتیشدا بێت.
یەکێک لە پڕۆژەکانی چاپەمەنی مانگ بۆ کارکردن، ھاوکاری دوولایەنەیە لە نێوان مانگ و ناوەندەکانی حکومی و ناحکومی یان تەنانەت کەسایەتی سەربەخۆدا، بۆ پڕۆژەی چاپ کردنی کتێب یان بەڕێوەبردنی بەرنامە و پلانی ھاوبەش. لەو ئاڕاستەیەدا مانگ دەتوانێ پڕۆژەی ھاوبەش ببات بەڕێوە بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی ھەردوولادا بێت.
یەکێک لەو بوارانەی کە مانگ وەک پڕۆژەی ھاوبەش چاوی لێدەکات، سەرمایەگوزاریی لایەنی بەرامبەرە بۆ چاپی کتێب، جا چ کەسایەتی سەربەخۆ بێت یان ناوەندێکی حکومی و ناحکومی. بۆ وێنە چاپ کردنی فەرھەنگی دوو بەرگی کوردستانیکا بە سەرمایەگوزاری کەسایەتی فەرھەنگدۆست بەڕێز ناسر قادری لەمساڵدا پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو بوو کە بووە جێی ڕەزامەندی ھەردوولا و ھەروەھا خۆشحاڵی خوێنەران و خوازیارانی فەرھەنگی کوردی.
پڕۆژەیەکی ھاوکاری دیکەی مانگ کە ھەم بۆ چاپی کتێب و ھەم بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامە و کاری ھاوبەشە، ڕێککەوتنێکە لەگەڵ شۆڕای شار و شارەداریی بەڕێزی شاری بانە. بە پێی ئەو ڕێککەوتنە سەرەڕای چاپی کتێبی «فەرھەنگی پەندی کوردی» بڕیارە ھەندێک کار و چالاکی ھاوبەش لە ئاستی شاری بانەدا بەڕێوە بچێت کە ھەم لە بەرژەوەندی دوو لایەندا بێت و ھەمیش لە قازانجی خەڵکی شارەکەدا لە ڕێی برەودان بە ئاستی وشیاری گشتی و پەرەپێدانی چالاکی کۆمەڵایەتییەوە.
لێرەدا پێویستە چاپەمەنی مانگ سپاسی خۆی ئاراستەی شارەداری بەڕێزی شاری بانە و ئەندامانی بەڕێزی شۆڕای شار بکات کە ھەردەم خەمخۆری بواری فەرھەنگی گشتی و نەتەوەیی بوون و ھەمیش یارمەتیدەری مانگ بوون بۆ ڕاپەڕاندی پڕۆژەکانی. ھیواداریشین ئەم پێوەندییە ھەروا بەردەوام بێت.
ھەروەھا لێرەوە داوا لە تەواوی فەرھەنگدۆستان و خەمخۆرانی کەلتور و ئەدەبی کوردی و بەتایبەت سەرمایەدارانی بەڕێز دەکەین کە بە چاوێکی ئەرێنییەوە سەیری ئەم بەشەی فەرھەنگی نەتەوەییمان بکەن و بزانن کە تەنیا چالاکی لەم بوارانەدایە کە لە یادەوەری گشتیدا بۆ ھەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێ.

هیچ سەرنجێک نییە

دەتوانی یەکەم کامێنت دابنییت.

سەرنجێک بنووسە

تکایە ناوت بنووسە. تکایە ناونیشانی ئیمەیل بنووسە. تکایە پەیامێک بنووسە.