کتێبی “شانامەی کوردی: ڕووسەم و زووراو” کە لە لایەن دوکتۆر بێهرووز چەمەن‌ئارا ساغ‌کراوەتەوە و پێشەکی بۆ نووسراوە، وەک باشترین کتێبی لێکۆڵینەوەی ساڵ لە پاڕێزگای سنە لە لایەن زانکۆی کوردستان لە شاری سنە هەڵبژێردرا. ئەم کتێبە لە لایەن چاپەمەنی مانگ و لە ٣٥٢ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. دوکتۆر چەمەن‌ئارا کە لە ئێستادا پرۆفیسۆری یاریدەرە لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردییه‌ لە زانکۆی کوردستان، بە هەڵسەنگاندنی نۆ دەستنووس، ١٠٦٠ دێڕی شانامەی کوردی لە ژێر ناوی چیرۆکی “ڕووسەم و زووراو”دا ساغ‌کردووەتەوە. ئەم کتێبە کە بە شێوازێکی ڕازاوە و شیاو لە لایەن چاپەمەنی مانگەوە کەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران، چەند تایبەتمەندی گرنگ لە خۆ دەگرێ. لە لایەن دوکتۆر چەمەن‌ئاراوە پێشەکییەکی چڕوپڕ بۆ بەرهەمەکە نووسراوە و لە نزیکه‌ی ٨٠ لاپەڕەدا، توێژەر هەوڵیداوە بە وردی ژانری شانامەی کوردی شی بکاتەوە. لەم پێشەکییەدا، سەرەڕای چۆنیەتی کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی کتێبەکە، هه‌وڵ دراوه‌ چوارچێوەیەکی تیۆریی بۆ ئەدەبی حەماسی و پاڵەوانی کوردی دابڕێژرێت و تێیدا سێ لایەنی گێڕانەوەی ئوستوورەیی، ئایینی و مێژوویی شی کراوەتەوە و دواتر باسی لە “ئەدەبی گۆرانی” کراوە و لەو ڕێگەوە هەندێک لە تایبەتمەندییە پێکهاتییەکانی شانامەی کوردی نیشان دراوە. دوای ئەم پێشەکییە دەقی چیرۆکی ڕووسەم و زووراو هاتووە و لە کۆتایی کتێبەکەدا هەمان دەقی پێشەکی بە زمانی فارسی وەرگێڕدراوە و، وەک پەیوەستی کتێبەکە، بۆ خوێنەری ناشارەزا بە زمانی کوردی چاپ کراوە.

هیچ سەرنجێک نییە

دەتوانی یەکەم کامێنت دابنییت.

سەرنجێک بنووسە

تکایە ناوت بنووسە. تکایە ناونیشانی ئیمەیل بنووسە. تکایە پەیامێک بنووسە.