سەبارەت بە مانگ

زۆر لەمێژە تاسەی ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا بووەتە خەونی سەرەکی زۆربەی ئێمە. ناوەندێک کە بتوانێ پێ بە پێی ناوەندەکانی هاوشێوە لە ناوخۆی ئێران و کوردستان، بە شێوەیەکی پـڕۆفیشناڵ و بە کواڵیتی بەرزەوە دەست بداتە چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی سەرکەوتوو و بەپێزی هونەر و ئەدەبیات و زانستی مرۆیی بە زمانی کوردی. چ هی نووسەرانی خۆماڵی و چ نووسەرانی جیهانی. ئەم خولیایە زۆرتر لەو دۆخەوە سەرچاوەی گرتوە کە ئێستا ڕووبەری گشتی کپ و بێدەنگی کتێبخانەی کوردی لەم بەشەی کوردستاندا تەنیوەتەوە. دەکرێ بگوترێت خەساری سەرەکی ئەم دۆخە بریتییە لەوەی کە بواری کولتوور و کتێب کەوتوەتە دوای زۆربەی کایەکانی دیکەی ژیان و چوەتە پەراوێزەوە. بەڵام ئەم دۆخە قەیرانێکی بێ چارەسەر نیە واتە بوژاندنەوەی پانتایی چەقبەستووی خوێندنەوە لە کوردستان کارێکی ئەستەم و نەکردە نییە بەڵکوو بەرهەمی بەپێز و سەرکەوتوو دەتوانێ ڕەوت و ئاستی خوێندنەوە و ڕۆشنبیری لە پانتایی گشتیدا بگۆڕێ یان بەخێرایی بەرەو پێشی بەرێت.

“چاپەمەنی مانگ” بۆ وەدیهاتنی ئەو خولیایە و لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە و بەشێوەی یاسایی مۆڵەتی لە وەزارەتی فەرهەنگی ئێران وەرگرتوە. هەر بۆیە “مانگ” هەموو هەوڵەکانی لەو پێناوەدا دەخاتە گەڕ و بۆ گەیشتن بەو مەبەستە هەموو توانای خۆی تاقی دەکاتەوە. لەو ئاڕاستەیەشدا هەندێک پـرەنسیپ، وەک بەرنامەی کار، بۆ خۆی دیاری ده‌کات کە بڕیارە هیچ کات لێیان لانەدات و هەمیشە بیانپارێزێ.

سەرەکیترینی ئەو پرەنسیپانەی کە مانگ وەک پەیڕەوی خۆی ڕەچاویان دەکات بریتین لە:

١

“مانگ” لە چاپ و بڵاوکردنەوەدا گرینگی دەدات به بابه‌تی پێشکه‌وتوو و مۆدێـرن و به تایبه‌ت سێ بواری: ئا) هونەر و ئەدەبیات (لە هەموو بوارەکاندا)؛ ب) زانستی مرۆیی (بەتایبەت فەلسەفە، دەروونناسی، کۆمەڵناسی)؛ ت) بەشی منداڵان (ئەدەبیاتی منداڵان). بڕیارە هەریەک لەو بەشانەش لە چوارچێوەی گەڵاڵەیەکی جیاوازدا پێناسە بکات و بڵاویان بکاتەوە

.

٢

هەر بەرهەمێکی چاپکراو لە مانگدا دەبێ خۆی بدات لە قەرەی بەرهەمەکانی هاوشێوە لە زمانەکانی دیکەدا. بەو واتایە ئەگەر بەرهەمەکە داهێنان بێت دەبێ ئاستی بەرز بێت، بۆ وێنە لە بواری زانستی مرۆییدا دەبێ لانیکەم ئەو بەرهەمە شێوازی ئاکادمیکی ڕەچاو کردبێت و دووپاتکەرەوە یان لاسایی کردنەوەی بەرهەمی ناو زمان و کولتوورەکانی دیکە نەبێت. ئەگەر بەرهەمەکەش وەرگێڕان بێت، وەرگێڕ دەبێ بە سەر هەر دوو زمانەکەدا زاڵ بێ و هەر دوو لایەنی زمانی ئەدەبی و زانستی ڕەچاو کردبێت و نابێ لاوازی بە هیچ یەک لەو لایەنانەوە ببیندرێت.

٣

“مانگ” گرینگییەکی تەواو دەدات بە بواری وەرگێڕان. لەو نێوەدا ئەوەی بۆ مانگ گرینگە وەرگێڕانە لە زمانی سەرەکییەوە یان لانیکەم لە زمانی ئینگلیزییەوە. چونکە هەروەک دەزانین لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆربەی وەرگێڕانەکان بۆ سەر زمانی کوردی لە زمانی دووهەمەوە بوون، واتە یان لە فارسییەوە بوون یان عەڕەبی. هەربۆیەش ئەمە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مانگە و هێڵێکی سوورە‌ کە بڕیارە نەیبەزێنێ.

٤

منداڵان بەرهەمی دواڕۆژی ژیانن. گرینگیدان بە ئاستی خوێندەواری منداڵان و دواڕۆژیان ئەرکی سەر شانی هەر دایک و باوکێکی فەرهەنگپەروەر و هەر خەمخۆرێکی زمان و کولتووری گشتییە. هەربۆیە فێرکردن و ڕاهێنانی منداڵان بە کولتووری خوێندنەوە و کاریگەری دانان لەسەر سیستەمی پەروەردە کردنیان بۆ “مانگ” وەک یەکێک لە ئه‌رکه‌ سه‌ره‌کییه‌کان و بەشێکی چالاکی چاپه‌مه‌نی دێتە ئەژمار. “مانگ” لەم پێناوەدا هەوڵ دەدات بەرهەمی باشی منداڵان چ هی نووسەرانی کورد یان دەقی وەرگێڕان، بە کواڵیتی بەرزەوە لە چاپ بدات و پێشکەش بە منداڵانی وریای کوردستانی بکات.

٥

یەکێک لە کێشەکانی بەردەم دیاردەی خوێندنەوە و ڕۆشنبیری نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتانی هاوشێوەدا، شێوەی بڵاوکردنەوە و دەست پێڕاگەیشتنی کتێبە. کە ئەم بەشە لە وڵاتی ئێمەدا و لە کوردستان زۆر لاوازە تا ئەو جێیەی کە کتێبە چاپکراوەکان تەنیا بە سەر چەند فرۆشگای کتێبی دیاریکراودا دابەش دەکرێن و دەستی خوێنەر زۆرجار بە کتێب ڕاناگات و هەربۆیەش لێیان بێبەشە. مانگ هەوڵ دەدات کە چاپکراوەکانی خۆی لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا بڵاو بکاتەوە و بیانگەیەنێتە دەست خوێنەری کورد. چ لە ئێران و چ لە هەرێمی کوردستان. لەم پێوەندییەدا مانگ سەرەڕای ئەوەی کە بەرنامەیەکی تۆکمەی هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی کتێب بە سەر فرۆشگاکانی کتێبدا، داوا لە تەواوی فرۆشیارانی خوازیاری کتێب لە سەرجەم کوردستان و دەرەوە دەکات کە پێوەندی پێوە بکەن و مانگیش هەوڵ دەدات بە ئاسانترین شێوە بەرهەمەکانی بگەیەنێتە دەستیان.

٦

یەکێک لەو هۆکارانەی کە بووەتە هۆی ئەوەی نووسەر و وەرگێڕی کورد دڵسارد بێت لە کاری نووسین و گرینگی پێ نەدات، بایەخ نەدان بە بەرهەم و ئەرک و ماندووبوونیانە. زۆربەی کات مافی نووسەرەکان و وەرگێڕەکان فەوتاوە و لە ئاکامیشدا گەلێک جار بەسەرهاتی کتێبەکان ته‌نیا به‌ چاپێک کۆتایی هاتوه‌ و له‌م نێوه‌شدا ئەوەی هەمیشە نادیارە مافی خاوەن بەرهەمە. لەم ئاڕاستەیەدا “مانگ” چاوەڕێی کاری بەلاش لە هیچ کەس ناکات و هەر کەسێک لە “مانگ” بەرهەمی چاپ بکرێ گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ دەکرێ و بەپێی تیراژ و نرخی پشت بەرگی کتێب، نووسەر پاداشی خۆی وەردەگرێ. بەو هیوایە کە ئەم ڕەوتە لە سەرجەم پانتایی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوەی کوردیدا جێی خۆی بکاتەوە و چیتر مافی نووسەران بەفیڕۆ نەچێت. هەربۆیەش لێرەدا “مانگ” داوا لە تەواوی نووسەران و وەرگێـڕان و قەڵەمبەدەستانی بەتوانای کورد دەکات کە هاوڕێ و هاوکاری بن و لە بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانیدا ببنه یارمەتیدەری. هه‌روه‌ها بۆ ئەو ئەرکەی کە گرتوویەتیە ئەستۆ، “مانگ” چاوەڕێی پێوەندی نووسەر و وەرگێڕی کورد لە هەر شوێنێکی جیهان دەکات.

“مانگ” لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەم دێڕانە وەک قسەی قەبە و بێ ناوەرۆک دەرنەچن بەڵکوو ئەگەر ئاستەنگ یان کۆسپێکی ئه‌ساسی نەیەنە سەر ڕێ، بتوانێت زۆر لەوە زیاتر چالاکی بنوێنێ و خزمەت بە کتێبخانە و خوێنەری کورد بکات. چونکە پێمان وایە چالاکی لە بواری کولتووریدا پێویستی بە بەردەوامبوونە. ئەگەر نا لەم بەستێنەدا وەک ئەستێرەیەکی کشاوه‌بوون نرخێکی نییە، ئەوەی گرینگە وەک مانگ تریفەی هەرمانت هەبێ و ناو جەرگەی تاریکی ڕووناک بکەیتەوە.

[/vc_column_text][/vc_column][/vc_row]