لاس، کوڕە گەورەی وسووئاغا، دوای پازدە ساڵ و لە ساڵڕۆژی مەرگی خۆیدا گەڕایەوە. لە دەشتی قایبەرد لە کاتێکدا هیچی وای بۆ شار نەمابوو، سێبەرەکەی لە پێش خۆیەوە دەکشا و لە لێڵایی سەرەتای شەودا ون دەبوو. لە قەراغ چۆم و لە نێو قۆرغە چنار و بییەکەدا ئەوەندە پەلەی بوو قڕەقڕی قرپۆک و خشەخشی گەڵا و لقوپۆپە وشکەڵەکان چێژیان نەدەدایە. بە ترسەوە لە بەردەبازەکان پەڕییەوە و هەنگاوەکانی بە باریکەڕێیەک سپارد کە لە پشت ساڵەهاوە بە چاوی هەست دەیبینی. نەیدەزانی ئەو ڕێیە لە بەر قەسابخانەیەکی تازسازەوە ڕەت دەبێ.
(بهشێک له دهقی ڕۆمانهکه)