مێتافیزیک چییە؟
وەرگێڕ
هێمن حەیدەری ، زانیار هۆزان
«مێتافیزیک چییە؟» بریتییە لە سێ بەشی پێشوتار، وتار و پاشوتار. بەشی دووهەم، واتە وتارەکە، دەقی لێدوانێکە کە هایدگەر لە ٢٤ی یولای ١٩٢٩ی زایینی واتە لە ٢ی خەرمانانی ١٣٠٨ی هەتاوی بە بۆنەی وەرگرتنی کوورسیی هوسێڕڵ، لە هۆڵی زانکۆی فرایبۆرگ پێشکەشی کردووە. ئەم وتارە لە ژێر سێ سەردێڕی «پشکواندنی پرسیارێکی مێتافیزیکی»، «شێوەرکردنی پرسیارەکە» و «وڵامدانەوەی پرسیارەکە» تۆمار کراوە و لە هەمان ساڵیشدا واتە دوو ساڵ دوای دەرکردنی پەرتووکی «بوون و کات» (١٩٢٧) - لە ژێر ناوی «مێتافیزیک چییە؟» چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
بەڵام پاشوتارەکە چواردە ساڵ دواتر و لە ساڵی ١٩٤٣ی زایینی، واتە لە ١٣٢١ی هەتاویدا بە پەرتووکەکەوە لکێنراوە. پێشوتارەکەش بیست ساڵ دوای وتارەکە واتە لە ساڵی ١٩٤٩ی زایینیدا (١٣٢٧ی هەتاوی) لە ژێر ناوی «ڕێگەی گەڕانەوە بۆ بنەمای مێتافیزیک» بە پەرتووکەکە زیاد کراوە.