دیوانی شێعر - حاجی قادری کۆیی
بابەت
شێعری کلاسیکی کوردی
حاجی قادری کۆیی لە ساڵی 1816 لە کۆیە لە دایک بووە. لە مزگەوتی موفتی کۆیە دەستی كردووه به خوێندن. هەر لە منداڵییەوە دایک و باوکی نەماون و مەلای ئەحمەدی خاڵۆزای بەخێوی کردووە. حاجی قادر حەجی نەکردووە، وشەی حاجی بە مانای ئەوەیە کە لە مانگی حاجیان لە دایک بووە و ھەر لە منداڵییەوە حاجی قادریان پێ گوتووە. بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕێی سەردەشت و سابڵاغ و شنۆ دەگرێتە بەر. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ و دواتر دەگەڕێتەوە کۆیە. پاش ماوەیەک ژیان بەسەر بردن لە زێدی خۆی، هەست بە کەمتەرخەمی خەڵکی نیسبەت بە خەمخۆرانی وڵاتەکەی دەکات و کۆیە بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە ئیستانبووڵ دەکات. لەوێ لەگەڵ بنەماڵەی بەدرخانییەکان ئاشنا دەبێت و دەبێتە مامۆستای تایبەتی منداڵانی ئەم بنەماڵەیە. هەروەها لەگەڵ کەیفی جوانڕۆیی دەبنە هاوڕێ و لە پاش مەرگی کەیفی، بە قەسیدەیەک دەیلاوێنێتەوە. حاجی بەر لە چوونی بۆ غوربەت، شێعری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی دانەناوە و زۆربەی شێعرەکانی تا ئەودەمە، دڵداری بوون. تا کۆتایی ژیانی ژنی نەهێناوە و بێ ماڵ و منداڵ ماوەتەوە. لە ساڵی ١٨٩٧ پاش ٧٣ ساڵ تەمەن، لە شاری ئەستەنبووڵ کۆچی دوایی دەکات و لە بەری «ئوسکودار» لە گۆڕستانی «قەرهج ئەحمەد»، ئەسپەردەی خاک دەکرێت.