وردەکاری نووسەر

نەزەند بەگیخانی

نه‌زه‌ند به‌گیخانی ساڵی ١٩٦٤ لە شاری کۆیه‌ له‌ دایک بووه‌. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە کۆیە تەواو کردوە. دواتر به‌شی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە زانکۆی موسڵ خوێندوه‌. پاشان ناچار بە کۆچ کراوە و لە ساڵی ١٩٨٧ەوە لە هه‌نده‌ران دەژی (دانیمارک، فەرەنسا، بەریتانیا). دواتر لە ساڵی ١٩٩٧ لە زانکۆی سۆربۆن له‌ پاریس بڕوانامه‌ی دکتۆرای لە بواری کۆمه‌ڵناسی ئەدەبیاتدا وه‌رگرتوە.
ساڵی ١٩٩٥ یەکەمین دیوانی بە ناوی ''دوێنێی سبه‌ینێ'' لە پاریس بڵاو بۆتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ له‌ هۆنینه‌وه‌ی شێعر. ئێستاکه‌ به‌ ئینگلیزیش شێعر ده‌نووسێ. یەکەمین دیوانی بە زمانی ئینگلیزی بە ناوی Bells of Speech لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لەندەن بڵاو بۆتەوە. شێعرەکانی بۆ چەندین زمانی ده‌ره‌کێ وەرگێڕدراون لەوانە فەڕەنسی، عەرەبی، فارسی، ئەڵمانی و ئیتاڵی. ساڵی ٢٠١٢ لە فەڕەنسا خەڵاتی شێعری فێمینی فەڕەنسای پێ بەخشراوە.
لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە لە زانکۆی بریستڵ-ی بەریتانی مامۆستایە. جگه‌ لە شێعر، کۆمه‌ڵێ وتار و کتێبی ئه‌کادیمی له‌بارەی تاوان بە ناوی شەرەف و توندوتیژیی جێندەری به‌ زمانی ئینگلیزی و کوردی و فەڕەنسی بڵاو کردۆته‌وه‌. بۆ نووسین و چالاکییەکانی لەم بوارەدا، ساڵی ٢٠٠٠ خەڵاتی "ئێما هەمرفیس"ی بەریتانی پێ بەخشراوە.

کتێبەکانی ئەم نووسەرە