وردەکاری نووسەر

یوونس ڕەزایی

یوونس ڕەزایی، شاعیر و نووسەر، ساڵی ١٣٥٤ی ھەتاوی لە بۆکان لە دایک بووە. لە مەھاباد و بۆکان خوێندوویەتی. پاشان خولی کارناسی تەکنۆلۆژیای پەروەردەی لە زانکۆی تەورێز و ماستەری زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی زانست و توێژینەوەکانی تاران تەواو کردووە. لە بنکەی ڕاھێنانی ھزری منداڵان و مێرمنداڵانی شاری بۆکان دامەزراوە. پاش چەند ساڵێک لەوێ وازی ھێناوە و بووەتە مامۆستای قوتابخانە. لە گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستاندا گەلێک نووسراوە و ھۆنراوەی بڵاو بووەتەوە. سەرنووسەری گۆڤارەکانی (زایەڵە) و (پەیژە) و لە ساڵی ١٣٧٩ی ھەتاویشەوە ھەتا چەند مانگ بەر لە ڕاگیرانی؛ ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە بووە. یوونس ڕەزایی وەک داھێنەری شێعری شێت دەناسرێ و دوو کۆمەڵە شێعری بە ناوەکانی "شینترین بەتاڵ" و "منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان" بڵاو کردووەتەوە کە تایبەتمەندییەکانی ئەم شێوە شێعرییەیان لەخۆ گرتووە. وەک یەکێک لە داوەرانی بەشی شێعری یەکەمین خەڵاتی ئەدەبیی کتێبی کوردی ئیبراھیم یوونسی ھەڵبژێردراوە و لە ھەڵسووڕاوانی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بووە. شێعر و چیرۆکی بە زمانی فارسیش وەرگێڕدراون. ھاوکاری «بنکەی ئینسایکڵۆپێدیای چیرۆکەکانی ئێران» بووە.
لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانیشدا چالاکە و بەرھەمی چاپ کردوون. جگە لەوەش ئەندامی دەستەی نووسەرانی مانگنامەی (ڕۆچنە) بووە کە تایبەتە بە مناڵان و مێرمنداڵان. ھەروەھا یەکێک لە ئەندامانی چاودێری گۆڤاری مناڵانەی کانییە، کە پاشکۆی گۆڤاری مەھابادە و ٩٥ ژمارەی دەرچووە.
لە بواری فیلمنامەشدا چالاکە و تا ئێستا فیلمنامەی بۆ ژیان و بەرھەمی ھونەرمەندی مۆزیکژەنی کورد موجتەبا میرزادە و شاخەوانی کورد محەممەد ئەوراز نووسیوە کە لە تەلەڤیزیۆنە کوردییەکانەوە بڵاو بوونەتەوە.

بەرھەمەکان

نووسین
شینترین بەتاڵ، شێعر، ٢٠٠١
منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان، شێعر، ٢٠٠٧
مامە میاو، چیرۆکی مناڵانەی ئاژەڵان، ٢٠١٤
تەنیایی لە تیراژی پایزدا، شێعر، ٢٠١٨
سەمفۆنی پێنجەمی باران، شێعر، ٢٠١٨
نەشتەر بە ڕەنگێکی دیکەی ترەوە، شێعر، ٢٠١٨
کایە بە ئەلف و بێی گریان، شێعر، ٢٠١٨
بە دەراوەکانی باخەوە، شێعر، ٢٠٢٢
سوێند بە فورات، شێعر، ٢٠٢٢

وەرگێڕان
ڕێوی مەنجەڵ بەسەر، چیرۆکی منداڵان، وەرگێڕان لە فارسییەوە، ٢٠١٠
ھەنگاوی یازدەھەم، چیرۆکی منداڵان، وەرگێڕان لە فارسییەوە.

بەرھەمە وەرگێڕدراوەکان
و من عاشقانە انبوە میشوم بە فارسیکراوی ھەڵبژاردەیەک لە شێعرەکانی یوونس ڕەزایی، وەرگێڕ: ئارەش سەنجابی ٢٠١٠
دستور زبان باران، بە فارسیکراوی کۆمەڵە شێعرێکی یوونس ڕەزایی، وەرگێڕ: ئارەش سەنجابی، ٢٠١٦

کتێبەکانی ئەم نووسەرە