کوردۆ تا ئێستا باسی ئەوەی بۆ پیرەژنەکە نەکردبوو کە ڕۆژێک لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەیەکی ئیعلاناتدا، لە گۆشەی «یەکتر ناسین»دا چاوی بە کچێکی جوانی جحێڵی قژزەردی چاوشین کەوتووە کە لە ژێر ڕەسمەکەی خۆیدا نووسیویەتی کە خەڵکی شاری سکاگنە و لە گەڕەکی تۆستغۆب لە شەقامی بڕۆندبی، لە خانووی ژمارە 7 دا دەژیت و حەز دەکات پیاوێکی ڕۆژهەڵاتیی خوێنگەرمی قۆز بناسێت و ...؛ ئێستا ئەوەتا، ئیتر ئەمیش، بۆ لای ئەو کچە جوانە جحێڵە دەچێت. نەء، پێی نەوتبوو. پێی شەرم بوو، یان بەلای کەمیەوە هەستی دەکرد ئەمە (ئەگەر پیرەژنەکە پێ بزانێت) لە شەخسیەتی کوردۆ کەم دەکاتەوە. هەرچۆنێک بێ، بە پێویستی نەزانی ئەم نهێنییەی خۆی بدرکێنێ.
(بەشێک لە چیرۆکێکی کتێبەکە)