وردەکاری نووسەر

فەرهاد پیرباڵ

فەرھاد پیرباڵ لەدایکبووی ساڵی ١٩٦١ لە ھەولێر، نووسەر، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆیە. ساڵی ١٩٨٤ له زانکۆی سلێمانی خوێندنی تەواو کردووە. ھەمان ساڵ چووەتە ڕیزی یەکێتیی نووسەرانی شاخەوە، ھەر لە ناو یەکێتی نووسەرانی شاخیش یەکەم کتێبی چاپ کردووە کە شانۆنامەیەکە بە ناونیشانی «ماڵئاوا ئەی وڵاتەکەم». بۆ ئەوەی خزمەتی سەربازی نەکات چووەتە ئێران، ھەشت مانگ لەوێ ماوەتەوە، دوایی چووەتە ئەڵمانیا و ئینجا دانیمارک و دوو ساڵ لەوێ ماوەتەوە و بە بۆرسی حکومەتی فەڕەنسا کە لەلایەن ئەنیستیتۆی کوردی پاریسەوە دابەش دەکرا، چووەتە فەڕەنسا. ساڵی ١٩٩٤ دوای تەواوکردنی دکتۆرا گەڕاوەتەوە کوردستان و لە زانکۆی سەلاحەدین وەک مامۆستا دامەزراوە.
پیرباڵ کاتێک لە ئەوروپا بووە لە زۆرێک لە گۆڤارەکانی وەکوو خەرمانە و نودەم لە ستۆکھۆڵم، یەکگرتن و دەروازە لە دانمارک، ھیوا لە پاریس، ھەروەھا گەلێک گۆڤاری دیکەش، وەک دەستەی نووسەران کاری کردووە و دواتریش لە کوردستان لە زۆر گۆڤار و بڵاوکراوەی دیکە وەکوو نووسەر یان سەرنووسەر بەشدار بووە.

بەشێک له بەرھەمەکانی:
پەتاتەخۆرەکان - مولازم تەحسین و شتی تریش - حەوت وێنەی ڕووتی ژنی جەنابی وەزیر - سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا – منداڵباز - پیاوێکی شەپقەڕەشی پاڵتۆڕەشی پێڵاوشین - عەبدولڕەحیم ڕەحمی ھەکاری - ھوتێل ئەورووپا - حیکایەتەکانی باوکم - قەبرێکی سێگۆشە - زمانی حەیزەران - زێڕی ناو زبڵ - ڕەئیش ڕەمەزانەکان - زار و مارەکان - ئەو کتێبانەى ژیانیان گۆڕیم - ماڵئاوا ئەی وڵاتەکەم - بەیانی باش ئەی غەریبی - وێنەی کورد لە ئەرشیفی کوردناسەکاندا - کورد لە دیدی ڕۆژھەڵات ناسەکانەوە - چەند نامەیەکی فەڕەنسی - دەستپێکی سەرھەڵدانی پەخشانی کوردی - سەرچاوەکانی کوردناسی - ژەنەراڵ شەریف پاشا - ئینجیل لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا - کرۆنۆلۆجیای کوردستان - ڕێبازە ئەدەبییەکان - کرۆنۆلۆجیاى هەولێر لە کۆنەوە تا ١٩٥٨ - کرۆنۆلۆجیاى کوردستان ٦٢٥پ.ز - ١٩٣٢ز - مێژووى شانۆ لە ئەدەبیاتى کوردی - وێستگەکانى تازەبوونەوەى شیعری تورکی - ڕۆژنامەگەریی کوردیی بە زمانى فەڕەنسی - پەناھەندەی ژمارە ٣٣٣٣٣ - من پیاوێکی عەنتیکەم - جیاوازییەکانى من و نێوان شێت - پێنج کتێب و نیو - خەوننامەی فەرهاد پیرباڵ و...

کتێبەکانی ئەم نووسەرە