وردەکاری نووسەر

جەبار قادر

دکتۆر جەبار قادر ساڵی 1951 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەو شارە تەواو کردووە. دواتر لە زانکۆی بەغدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی مێژوودا بەدەست هێناوە. پاشان لە لایەن کۆڕی زانیاری کوردەوە دەنێردرێت بۆ مۆسکۆ و لە بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی سەر بە ئەکادیمیای زانستی سۆڤییەت وەردەگیرێت. ساڵی 1977 بڕوانامەی دکتۆرای لە ژێر ناونیشانی (بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیادا - لە نێوان ساڵانی هەر دوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی 1918-1939) وەرگرتووە. پاش ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، لە نێوان ساڵانی (1978-1981) لە هەر دوو زانکۆی سلێمانی و سەلاحەدین وەک مامۆستا وانەی گوتوەتەوە. دواتر گواستراوەتەوە بۆ زانکۆی موسڵ و تا ساڵی 1990 بەردەوام بووە. لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دەچێته وڵاتی هۆڵەندا و ساڵانی (1992-1993) لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی نزیک - بەشی زمانی عەرەبی سەر بە زانکۆی ئەمستردام، وانەی گوتوەتەوە. ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە کوردستان و لە زانکۆی کۆیە وەک ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان دادەمەزرێت. هەر لە هەمان ساڵدا، وەکوو ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی هەڵدەبژێردرێت و، دواتریش دەبێت بە سەرنووسەری گۆڤاری ئەکادیمیا. شیاوی باسە د. جەبار قادر زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و تورکی و ڕووسی و هۆڵەندی بە باشی دەزانێت. زیاتر لە 300 وتار و لێکۆڵینەوە و چەندین کتێبی بە هەر دوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاو کردۆتەوە.

کتێبەکانی ئەم نووسەرە