حەریق
حەریق یان حەریقی؛ مەلا ساڵحی کوڕی مەلا نەسروڵڵایە، لە ساڵی ١٨٥١ لە گوندی زێویەی شاری سلێمانی هاتۆتە دنیاوە. سەرەتا لای باوکی دەرسی خوێندووە. پاشان بەرەو قەرەداغ کەوتۆتە ڕێ و ماوەیەک لەوێ خوێندوویەتی. ئهوسا دەچێتە بیارە و پاش ماوهیهک خوێندن دێتەوە سلێمانی. بەر لە ساڵی ١٨٧٩ ڕێی دەکەوێتە ڕۆژهەڵات و لە ئاوایی ساحێب سهر به شاری سهقز نیشتەجێ دەبێت و هەر لەوێ ژن دەهێنێت. دواتر ڕێی بۆ خانەقای بورهان دەکرێتەوە و لەسەر دەستی شێخ یۆسف، تەریقەت وەردەگرێت. لە ساڵی 1906 دێتە مەهاباد و دەبێتە مەلای مزگەوتی حاجی سەید حەسەن و محەمەدحسێن خانی موکری مانگی سێ تمەنی مووچه بۆ دەبڕێتەوە و لە ساڵی ١٩٠٩دا هەر لەو شارە کۆچی دوایی دەکا و لە گۆڕستانی مەلا جامی دەنێژرێت. جودا لە زمانەکانی فارسی و کوردی و عەڕەبی، دوو زاراوەی سۆرانی و هەورامی زانیوە و غەزەلەکانی، پڕن لە ناوەرۆکی عیرفانی و فەلسەفی و لە هەمووشیاندا بە نیشانەی خۆشەویستی پیری مرادی خۆی، شوێنەوارێک بەجێ دێڵێت.